أخبار عاجلة
"ماكلارين" الجديدة تنفد قبل عرضها في الأسواق -
أمريكيات يكشفن كيف تحرش ترامب بهن! -
ضبط تشكيل عصابي امتهن سرقة السيارات بجدة -
أخبار الإسماعيلى اليوم الاثنين 11 / 12 / 2017 -

مه‌ترسییه‌كانى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى له‌ وڵاتاندا

ئه‌و مه‌ترسییانه‌ى له‌ناوه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشى هه‌ر ده‌وڵه‌تێك ده‌كه‌ن بریتین له‌:


1- دیارده‌ى ناجێگیرى و ناسه‌قامگیریى بارودۆخى سیاسیى ناوچه‌كه‌ یان هه‌رێمه‌كه‌. ئه‌مه‌ش به‌هۆى فره‌ئایدۆلۆجیا و نه‌بوونى پره‌نسیپه‌كانى دیموكراسى و شۆڕبوونه‌وه‌ى دیارده‌ى گه‌نده‌ڵى بۆ ناو جومگه‌كانى داموده‌زگاكانى وڵات و فره‌هێزى و فره‌بڕیارده‌رى و فره‌حزبى و فره‌ئایینى و فره‌مه‌زهه‌بى و پێشێلكردنى مافى مرۆڤ و به‌كارهێنانى زه‌بر و زه‌نگ بۆ توانه‌وه‌ى پێكهاته‌ى نه‌ته‌وه‌یى وڵاته‌كه‌.


2- دیارده‌ى دواكه‌وتنى سیاسى، ئه‌و دیارده‌یه‌ خۆى له‌ لاوازى و شڕۆڵی و بێ هێزى و بێ توانایى داموده‌زگاكانى ده‌وڵه‌تدا ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ له‌ ئاستى جێبه‌جێكردنى ئه‌ركه‌كانیاندا نین. به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌ پاراستن و ئاسایشى رژێمه‌وه‌ هه‌یه‌.


3- خه‌باتى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌یى چ سیاسى بێت یان چه‌كدارى، یه‌كێكه‌ له‌و گرێ ئاڵۆزانه‌ى كه‌ ده‌شێ ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى هه‌ر ده‌وڵه‌تێك تووشى ببێت، چونكه‌ خواستى گه‌لان له‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى و یه‌كخستنى نیشتمانه‌كه‌یاندا له‌ یاسا دانراوه‌كان به‌هێزه‌، چونكه‌ جگه‌ له‌وه‌ى خواسته‌ ره‌واكانیان هێزێكى مێژوویشى هه‌یه‌، له‌كاتێكدا یاساكانى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ رێژه‌یی و كاتین، ده‌شێ لاببرێن و یان بگۆڕدرێن.


4- زۆربوونى ژماره‌ى دانیشتوان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ بچووكیى رووبه‌رى زه‌وى ده‌بێته‌ هۆى مه‌ترسى بۆ سه‌ر ئاسایشى خۆراك و سه‌ره‌نجام ده‌بێته‌ هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى كارى دزێو و نابه‌جێ و شه‌ڕوشۆڕ و كۆچكردن و پێشێلكردنى سنوور و یاساى وڵاتانى دراوسێ، چونكه‌ هه‌ر وڵاتێك نه‌توانێت ئاسایشى خۆراكى پێویست بۆ خۆى مسۆگه‌ر بكات ئه‌وا سه‌ربه‌خۆیى و سه‌روه‌رییه‌ سیاسییه‌كه‌ى له‌ لێوارى مه‌ترسى نزیك ده‌كه‌وێته‌وه‌. ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى، ئاسایشى ئابوورى، ئاسایشى خۆراك.


5- بڵاوكردنه‌وه‌ى فه‌لسه‌فه‌ى ئایدۆلۆجیای گشتى كه‌ هاوشان نه‌بێت له‌گه‌ڵ خواست و ئیراده‌ى هاووڵاتییانى وڵات. رێزنه‌گرتن له‌ بیروڕا و پێشێلكردنى یاسا و قۆرخكردنى سامانى وڵات بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى.


6- روودانى كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كانى وه‌ك (بوومه‌له‌رزه‌ و بوركان و لافاو و گه‌رده‌لوول و تسۆنامى و .....تد)، ئاسایشى ناوخۆى وڵات رووبه‌ڕووى كاره‌ساتێكى چاوه‌ڕوان نه‌كراو ده‌كاته‌وه‌ و هێدی هێدی شیرازه‌ى وڵات به‌ره‌و تێكچوون و وێرانبوون هه‌نگاو ده‌نێت.


7- پشت نه‌به‌ستن به‌ ته‌كنه‌لۆژیا وه‌ك ره‌گه‌زێكى سه‌ره‌كى له‌ هه‌ڵسوڕانى كاروبارى ناوخۆیدا مه‌ترسیى ترى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، چونكه‌ گه‌شه‌كردنى ته‌كنه‌لۆژیا و مۆنۆپۆڵكردنى و ده‌سكه‌وته‌كانى ته‌كنه‌لۆژیا و بێبه‌شكردنى وڵات له‌و به‌رهه‌م و ده‌سكه‌وته‌ به‌نرخه‌، كه‌لێنێكى گه‌وره‌ى نێوان وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان و وڵاته‌ دواكه‌وتووه‌كانه‌.


8- ئاسایشى دارایى، به‌رده‌ستكردنى سه‌رچاوه‌ داراییه‌كان و ئه‌و ده‌رامه‌تانه‌ى كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ دارایى ده‌وڵه‌ت دێته‌ ده‌ست، ئەگه‌ر به‌شێوه‌ و میكانیزمێكى یاسایى و چاودێریكردن سه‌رف نه‌كرێت، ئه‌وا ئاسایشى ناوخۆى وڵات تووشى قه‌یرانێكى گه‌وره‌ و مه‌ترسیدار ده‌كات.


9- ئاسایشى ئاو، بڕبڕه‌ى پشتى ئاسایشى خۆراكییش ئاسایشى ئاوه‌. مه‌به‌ست له‌ ئاسایشى ئاو دابینكردنى ئاوى پێویست بۆ هه‌موو دانیشتوان له‌ رووى خواردنه‌وه‌ و كارپێكردنه‌وه‌ به‌ بڕێكى ته‌واو و بۆ ماوه‌یه‌كى دیاریكراو له‌گه‌ڵ دابینكردنى یه‌ده‌گێكى ستراتیجى. گرفتى ئاویش به‌نده‌ به‌:


(زۆربوونى ژماره‌ى دانیشتوان و كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌شى تاك له‌ ئاو، زۆریى خواست له‌سه‌ر خۆراك، ئه‌مه‌ش واده‌كات به‌هۆى زۆریى به‌رهه‌مى كشتوكاڵییه‌وه‌ پێویستى ئاو زیاتر بێت، پیسبوونى ئاوه‌كان به‌هۆى تێڕژانى پاشماوه‌ كیمیاییه‌كانه‌وه‌، كه‌مبوونه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانى تایبه‌ت به‌ بوارى كشتوكاڵى).

 

ئه‌و مه‌ترسییانه‌شى له‌ده‌ره‌وه‌وە، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشى هه‌ر ده‌وڵه‌تێك ده‌كه‌ن بریتین له‌:
1- ره‌نگه‌ ده‌وڵه‌تێك یان هێزێكى هاوسێ ده‌ستدرێژى بكاته‌ سه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌، به‌هۆى هه‌ندێك پاڵنه‌ره‌وه‌ وه‌ك شوێنى جوگرافى و ده‌رامه‌ت و سامانى سروشتیى زۆر و بوونى كانزاى ستراتیجى، كه‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌دا هه‌بێت. دیاره‌ یه‌كێك له‌و مه‌ترسییانه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشى ناوخۆ ده‌كات له‌ده‌ره‌وه‌ بریتییە له‌ داگیركردنى شوێنه‌ ستراتیجییه‌كان له‌ روانگه‌ى ئابوورییه‌وه‌، به‌تایبه‌تى له‌لایه‌ن هێزه‌ كۆلۆنیاڵى و ئیمپریالیسته‌كانه‌وه‌.


2- زیادبوونى تواناى ئابوورى و سوپایى ده‌وڵه‌تێكى نه‌یار ئۆقره‌ى ناخاته‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى تره‌وه‌. به‌ڵكوو ده‌بێته‌ هۆى په‌یدابوونى ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌، باشترین نموونه‌ش ده‌وڵه‌تى فه‌ره‌نسایه‌ كه‌ به‌رده‌وام ترسى هه‌بووه‌ له‌ هه‌وڵه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كانى وڵاتى هاوسێى كه‌ ئه‌ڵمانیا بوو، ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ده‌ستى گه‌یشتبێت به‌ چه‌كى قورس، به‌تایبه‌تى چه‌كى ئه‌تۆمى. یاخود (ئێران و كۆریاى باكوور) كه‌ به‌رده‌وام وڵاتانى هاوسێى ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌، له‌ دڵه‌ڕاوكێ و ناسه‌قامگیریدا ده‌ژین.


3- به‌ستنى هاوپه‌یمانى له‌نێوان دوو ده‌وڵه‌ت یان زیاتر، ئه‌گه‌ر ئه‌م په‌یمانانه‌ دژى ده‌وڵه‌تێك بێ زه‌مینه‌ ساز ده‌كات بۆ سه‌رهه‌ڵدانى مه‌ترسى بۆ وڵاتانى ده‌وروبه‌رى وڵاتانى هاوپه‌یمان. وه‌ك به‌ستنى په‌یمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى (ناتۆ) بۆ پاراستنى ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا له‌ مه‌ترسى فه‌لسه‌فه‌ و ئایدۆلۆجیاى وڵاتانى سۆسیالیستی، به‌ رابه‌رایه‌تیى یه‌كێتیى سۆڤیه‌تى پێشوو.


4- هاتنه‌ سه‌ر كارى تاقمێكى سیاسى یان سوپایى، به‌هۆى كوده‌تاى سه‌ربازییه‌وه‌ یان هه‌رشتێكى تر لە دەوڵەتێکی هاوسێدا ده‌شێ ببێته‌ هۆى دروستبوونى مه‌ترسى له‌سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ یان ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌كه‌. وه‌ك چۆن عێراق له‌ سه‌رده‌مى سه‌دام حوسێندا په‌لامارى وڵاتى كوێتى دا.


5- تێپه‌ڕبوونى رووباره‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌ناوی چه‌ند ده‌وڵه‌تێكدا هۆكارێكه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌ و قه‌یرانى سیاسى و سه‌ره‌نجام ده‌بێته‌ هۆى تێكچوونى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى. ئه‌گه‌ر بێتوو یاسایه‌كى تایبه‌ت نه‌بێت، بۆ چۆنیه‌تىی دابه‌شكردنى سامانى ئاو له‌نێوان وڵاتاندا.