أخبار عاجلة

چەکدارێکی سوپای پاسداران لە شنۆ کوژرا

چەکدارێکی سوپای پاسداران لە شنۆ کوژرا
چەکدارێکی سوپای پاسداران لە شنۆ کوژرا

شەوی ڕابردوو چەکدارێکی سوپای پاسداران لە شاری شنۆ لە لایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کوژراوە و گرووپی "هەڵۆکانی زاگرۆس" بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەیان گرتووەتە ئەستۆ.

 

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە (باسنیوز) گەیشتووە، شەوی ڕابردوو 2017/12/3چەکدارێکی سوپای پاسداران بەناوی "ساڵح قاسمی" ناسراو بە "موحسین" لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە لە شاری شنۆ کوژراوە.

 

ئەم ئەندامەی سوپای پاسداران کە دانیشتووی گوندی "دەڵزی"ی سەر بە شاری سەڵماس لە پارێزگای (ورمێ)یە و دوو ساڵ لەمەوبەر لە شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان پیشمەرگەکانی حدکا و سوپای پاسداران لە گوندی "قەرەسەقەل"ی شنۆ لە شەڕ دژی پێشمەرگەدا دەوری چالاکی هەبووە.

 

گرووپی "هەڵۆکانی زاگرۆس" کە گرووپێکی چەکدار و چالاکی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک بەرپرسیارێتیی ئەو چالاکیەیان لە ئەستۆ گرتووە، ئەم گرووپە خۆیان بە نزیک لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەزانن و ڕای دەگەیەنن پشتیوانی بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و لە بەرانبەر هێرش و داگیرکاریی کۆماری ئیسلامیدا دەوەستنەوە.

 

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەهۆی شەڕ و پێکدادان لە نێوان هەڵۆکانی زاگرۆس و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە 20 چەکداری سوپای پاسداران کوژراون.